بەخیربێن بۆ ڕوپەلی ئاسۆ بیارەیی
پێش وشە
ئەم یاداشتانە وەک کۆمەڵێ ئەستێرە، بەردەوام ، کە ئێواران تاریک دادێ، ههندێ جاریش تا بەیان فیسەکە فیسکیان دێ. هەسارەی ههموو ئەو دەڤەرانەن، کە پێیاندا تێ پەڕیوم، هەندێ جار وێنای ئەو هەسارانەم لە ئاوێکی سازگاری کانی هەڵگۆزیوە، هەمان هەسارە، لە دەشتی کاکی بە کاکی گەرمیان، تا دۆندەکانی قەندیل و شارەزووریش. ههندێکی دی لە گەمەی منداڵانی دێیەکان دەچن، یاری جەنگ و خۆشاردنەوە لە فڕۆکە سەرگەرمیان دەکا..
ئێوارەیەک لە گوندی سێوسێنانی قەرەداغ. لە پەنا مزگەوتی ئاوایی، وەک چۆلەکەی سەرما بردوی بن پاساران، گوێمان لە چەند مامەیەکی بەساڵاچوو دەگرت، هاوڕێیەکمان بەردەوام، وتەی مارکس لە سەر زمانی بوو، یەکێ لەو مامانە بێزار بوو و وتی: کوڕم نێوەی ئەوە باسی خواوەندت بکردایە، بێ ئەوەی سەردانی ماڵی خوا بکەی، دەبویتە حاجی. چاوم لێ بوو کۆمەڵێ منداڵ یاری ههلوکێنیان دەکرد، لە پاسارییەکان گورج و خرۆشتر بوون، تۆپاران دەستی پێکرد، دوو لەو زارۆکانە بریندار بوون، پیاوێک لە ولاوە، بە خوا تۆپەکانیش دەزانن ئێوە کافرن، ئەگینا لە مێژە تۆپ ئاوا مرۆڤەکانی لێرە نە پیکاوە.
ئەکتەری یەکێکی دی لە یاداشتە هەسارەکانم، کابرایەکی پیری خەڵکی شەشکە*، ههر دوو قاچی لە کارکەوتوون، بەڵام هێشتا بە وێرد، زۆر جاران کە دەیبیبن بەرگری لە یەکسانی دەکا، هاوڕییەکی بەسراوی، ڕۆژێ لەو ماڵە، لە چا خواردن تێر نابێ، دواتر کابانی ئەو ماڵە، دەڵێ ها ئەوە قورییەکە، بەڵام لە بیرت نەچێ، ئەگەر رێگەت کەوتە دەرەوەی وڵات، گەشتی وڵاتی چای بکە، با لەوێ لە ناو کێڵگەی چای بە تێری سەر بنێیتەوە. کێژێکی چاوجوانیش، سۆمای دیدەی لە ڕەنگی چایەکانی ئەو ماڵە ڕەشتر بوو، نێگای ئەو کێژە، ئەستیرە یاداشتێکی بە دیاری دامێ، کە تا ئەمڕۆ پەپولەی وشەکانیم، لە دیواخانی دڵمدا ئەنبارکردوە..
من پێم وایە، یاداشتی مرۆڤەکان وەک هەسارەکانن، هەرگیز کۆن نابن، تاکو پێوەندی کۆمەڵایەتی و ژیانیان بەردەوام بێ، ئەوانیش خۆیان نوێ دەکەنەوە، هەر بۆیەش ناوم لێ ناون هەسارە یان ئەستێرە. کۆمەڵی ههسارە، کە رەنگە زۆربەمان هاوبەشیمان لەگەڵیاندا ههبێ. وەک سۆمای ئەو کەنیشکە شارەزووریە دەبریسێکنەوە، تێچاویان، بە هەموو لادا دەپژێنن..
ئاسۆ بیارەیی
٣-١٠-٢٠١٥ سوێد